!پاشه‌کشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی
نووسه‌رێک ده‌ڵێ :كاتێك تووشی شه‌رێك ده‌بێت یان كه‌سێك قسه‌ی ناخۆشی پێده‌لێت ئه‌وا زۆر گفتوگۆ ناكات ، به‌لكو كتێبێك هه‌لده‌گرێت بۆ خوێندنه‌وه‌ی ، چوونكه كاتێك تووره‌ده‌بێت ئه‌وا كاردانه‌وه‌ی زۆر درندانه ده‌بێت وه‌ك ئه‌و هه‌لوێسته‌ی به‌م دواییه نواندی جامی ئۆتۆمبیلێكی شكاند له‌به‌رد‌م رۆژنامه‌نووس و وێنه‌گرانه‌وه .
بۆیه زۆر جار هه‌ست ده‌که‌م ئه‌م ڕۆژانه له ده‌روونه‌وه زۆر لاوازم! هه‌ست به قورساییه‌کی بێ وێنه ده‌که‌م . هه‌ڵمژینی هه‌ناسه‌یشم لا ئه‌سته‌ممه.
ساڵان‌و مانگان‌وچه‌ن حه‌ووتوی پێش ئازموونی تاقیکاری زانکۆی سه‌رانسه‌ری که زۆرێک له میرمنداڵان‌و قوتابیان سه‌رقاڵی خوێندن بوون، له نێو کۆڵان‌و گه‌ڕه‌که‌که‌ماندا به کۆمه‌ڵ ژنانی بێکار و زۆرکار! له وه‌خت و ناوه‌خت، تا دڕنگانێک داده‌نیشن له سیر تا پیاز ڕووداوی ژن هێنان‌و ته‌ڵاق سه‌ندن وزۆر بابه‌تی تر به ده‌نگی به‌رز ده‌گیرننه‌وه و قیژه قیژی منداڵان پۆل...پۆل هه‌ڵرژاوی بێ‌حیسابی ته‌ربییه‌ت ده‌بوونه خۆڕه‌ی مێشکم. به هه‌ڵبژاردنی رێگای وتوێژی رێز‌و حورمه‌ت خۆم به کۆڕه‌که‌یان ده‌گه‌یاندوو ڕه‌خنه‌که‌م به له‌پێش چاوگرتنی مافی ده‌مه‌ته‌قێ ، تا پێشنیاری کۆڕگرتنیان به سه‌وزه‌پاککردن و... ڕۆژێک له ماڵی یه‌کێکیان ده‌رده‌بڕیی . زۆر به وردبینی زه‌رده‌خه‌نه‌ی لێوو ده‌روونیان که پێمیان ده‌گوت: له کوێه‌وه هاتووه و چی ده‌ڵێ! بۆ خۆم به وڵامیان‌ده‌زانی‌و سه‌رم لێ ده‌نایه‌وه.
ئێستاکه کات‌ژمێر 2 ی ده‌مه‌و به‌ییانی ڕۆژی 6 ی پووشپه‌ر پاش 2 کات‌ژمێر خه‌و به گریانی منداڵێک و ناڵه...ناڵی ژنێکه‌وه که منداڵه‌که‌ی له کۆڵانه‌که‌ی به‌ر ماڵمان ڕاوده‌نا و به قیڕه...قیر ناولێنانی ناحه‌ز له خه‌و ڕاچه‌له‌کام. ده‌لاقه‌ی ژووره‌که‌م به هۆی گه‌رمی هه‌واوه نیوه ئاوه‌ڵا هێشتبووه‌وه. به سووکی سه‌رم له ده‌لاقه هێناوه ده‌ر به منداڵه‌که که لۆرکه‌یه‌کی له دایکی به ئیرس گه‌یشتبوو گووت: ڕۆڵه بێ ده‌نگ به هه‌موو خه‌ڵکی نوستوون. منداڵ بۆ چه‌ن چرکه بێ ده‌نگ بوو . له پر له ئه‌و سه‌ری کۆڵانه‌که وه‌کوو هێرشی به‌بر و پله‌نگ دایکی سه‌رانسه‌ر له ئه‌ده‌ب و ئیخلاق هاته هاوار ئه‌وه : کام.... ک.ه.ش.ه نڕه...نڕیه‌تی!
که ئه‌ممه‌م بیست وه‌کوو که‌ڵه‌شێری دابه‌زیوو ده‌نگ و له‌شم داگیراو خزامه سه‌رجێگه‌که‌م . ده‌نگی به گوڕتر له پێش به‌رده‌وام بوو و کۆلێک ده‌سته گوڵی ئارسته‌ممان کرد. پاش تلاوتلێکی زۆر خه‌ونم لێ نه‌که‌وت و قوڕگم لێ به‌ته‌نگ هات‌و په‌نام به سه‌کۆی غه‌م هێنا و وه‌کوو هاوغه‌م ده‌روونمم پێ سپارد.