هه‌ورامان له نێوان وه‌همی ده‌نگۆ و سه‌رچاوه مێژووییه‌کاندا( به شی یه که م)
هه‌ورامان، وشه‌یه‌ک بۆ جێناوێکی دێرین و به‌رباس. وشه‌یه‌کی لانگر له قه‌واره‌ی زمان و بیروه‌هێنه‌ر له چه‌ند ره‌هه‌نددا:
هه‌ورامان : ده‌ڤه‌رێکی به‌رین و شاخاوی
هه‌ورامان : وشه‌یه‌کی کۆن و لێڵ
هه‌ورامان : کولتوورێکی ئه‌تنیکی و که‌ونارا
هه‌ورامان : مێژوویه‌کی حه‌شاردراو و تۆ له سه‌ر نیشتوو
هه‌ورامان : ...
ئه‌م وشه‌یه تا ئێستا به جاران که‌وتۆته به‌رسه‌رنج و توێژینه‌وه. بوه‌ته بنماکی راوه‌گۆڕی و خواسی ده‌مقاڵاوی. له وتار و دیمانه و رۆژنامه و به سه‌ر سایته‌کانیشه‌وه. له لایه‌ن پسپۆڕ و شوان و سیاسه‌توان و ده‌نگخۆش و به‌تاڵیشه‌وه!
یه‌ک له‌و وتارانه که ره‌نگه هانده‌رێکی سه‌ره‌کی رسکانی ئه‌م گوتاره بووبێت، ده‌قێکی هێژا کامیل سه‌فه‌ریانه، که به زمانی فارسی و له ژێر نیشانی (خاستگاه تاریخی نام اورامان)، له ژماره 256 ی حه‌وته‌نامه‌ی سیروان ، خولی شه‌شه‌م، ساڵی 1382، لاپه‌ڕه 15دا هاتوَته په‌خش.
خاوه‌ن ده‌ق ئه‌م دێڕانه ئه‌کاته ده‌سپێکی وتاره‌که‌ی :« هه‌ورامان یه‌ک له شوێنه دێرین و بنه‌ماداره‌کانی وڵاته و ده‌ڤه‌رێکه که میراتێکی کۆن و بمێنی له کولتووری که‌ونارای ئه‌م وڵاته، له خۆدا حه‌شار داوه. گه‌لۆ، له‌م ده‌ڤه‌ره دێرینه چی ده‌زانین»
گووشراوی وتاره‌که‌ی به‌ڕێز سه‌فه‌ریان، له ده‌ربڕکردنی دوو بۆچوون دا دێته کۆتایی: یه‌که‌م: لێک دانه‌وه‌ی وشه‌ی هه‌ورامان به شاری ئه‌من و پڕ ئاسایش. ئه‌مه‌ش له ماناکردنه‌وه‌که‌ی بورهانی قاتێعه‌وه نیزیکه، ئه‌ویش لای وایه ئاورامان واته شوینی سه‌خت و دژوار.
دووهه‌م: به‌زاگرۆسی زانینی میراتی وشه‌ی «ئوور». گوایه ئه‌م وشه‌یه له زاگرۆسه‌وه چاوگه‌ی به‌ستوه و له لایه‌ن شارستانیه‌تی نێورِوانه‌وه قواستراوه‌ته.
جیاوازی وتاره‌که‌ی سه‌فه‌ریان له گه‌ل زۆرێک له وتاره‌کانی هاومه‌به‌ست، له‌وه‌دایه که چه‌پکێ به‌ڵگه و فاکت پۆلێن کراون و هه‌وڵ دراوه باسه‌که به به‌ڵگه و خاوه‌ن فاکت بێت. ئه‌مه‌ش مایه‌ی ده‌سخۆشانه‌یه. چوونکوو زۆر بۆچوونی کرچ و کاڵ و بێ به‌ڵگه و ره‌مه‌کی له سه‌ر ئه‌و مه‌به‌سته بڵاو کراونه‌ته‌وه و سه‌رگێجه‌ی زۆریان تووشی هۆگران کردوه.مانای وه‌ها بۆ هه‌ورامان داتاشراوه که به‌ڕاستی جێگای سه‌رسووڕمانه. وه‌ک:
ـ بردنه‌وه‌ی بۆ لای که‌سێک به ناوی هه‌ورام. گوایه هه‌ورام و مه‌روان دوو برابوونه و مه‌ریوان و هه‌ورامانیان ئاوه‌دان کردۆته‌وه؟!
{شاره‌زایانی بواری ئه‌فسانه و ئوستووره، باش ده‌زانن که ئه‌م ئه‌فسانه ناقۆڵایه له ئه‌فسانه‌یه‌کی به بنه‌مای رۆمیه‌کانه‌وه گیراوه. رۆمیه‌کان له‌و ئه‌فسانه‌یه‌دا لایان وایه که رمۆس و رۆمۆلۆس(remus- romulus) دوو برا بوون که له منداڵی دا به شیری ده‌ڵه گۆرگێگ په‌روه‌رده کران و گه‌وره بوون. دواتر رومولۆس ده‌بێته قاتڵی رۆمۆس. رۆمۆلۆس به پێی ئوستووره رۆمیه‌کان ، بونیادنه‌ری شاری رۆما و یه‌که‌م پاشای ئه‌و شاره‌ش ده‌بێت. بۆ خۆشی له تۆفانێک دا، ون و بێ سۆراخ ده‌بێت
(ره‌نگه زۆر که‌س فلیمی چریکه‌ی هه‌ورامی دیبێ که ناوه‌که‌ی له لایه‌ن چه‌ند پسپۆڕی وێنه‌کێشان و هونه‌ریه‌وه به فیلم سازه‌که پێشنه‌هاد کرابوو)!!
ـ هۆر ئاما ، واته جیا بوویه‌وه . هه‌ڵهات. ِیان ده‌رکه‌وت و به‌رز بوویه‌وه.یان ... له گوزارشتێکی ته‌له‌فزیۆنی دا که نووسه‌ره‌که‌ی شاعێرێکه ( به‌ڕێز ره‌حیم لوقمانی) و ئه‌و فیلمه که گوزارشتێکی وێنه‌گرانه له سه‌ر هه‌ورامان بوو و به جاران له کاناڵه ئاسمانیه کوردیه‌کانه‌وه هاته ڤه‌شان ، به‌و ناوه ناو نرابوو؟!
ـ ئاورامانه ، واته برسیمانه. که‌واته خه‌ڵکی ئه‌وێ که‌سانێکی برسی و لات و رووته‌ڵه بوونه؟!
ـ ئه‌هورامان ، که له ئه‌هورامه‌زداوه گیراوه.
ته‌نانه‌ت یه‌ک له سایته‌کانیش که به ناوی پاوه و هه‌ورامانه‌وه دێته نواندن، چه‌پکێ له‌و مانایانه به‌سه‌ر مێشکی خوێنه‌ردا ده‌بارێنیَ .
له زۆر وتار و شوێنی دیکه‌ش دووپات کراونه‌ته‌وه.
به‌ڕێز حه‌مه‌ئه‌مین هه‌ورامانیش له کتێبه‌که‌ی دا که له سه‌ر مێژووی هه‌ورامان نووسراوه چ شۆڵه‌یه‌کی رووناکی به‌خش ناگرێته ئه‌م وشه‌یه.ئه‌مه‌ش له کاتێکدایه که کۆششه‌کانی پێشتری ناوبراو که له سه‌ر لێک دانه‌وه‌ی چه‌پکێ وشه بوون، وه‌ها چاوه‌نواڕیه‌ک به ره‌واتر ده‌کات. بۆچوونه‌کانی ئه‌و به‌ڕێزه، نه‌ک هه‌ر شۆڵه‌به‌خش نین، به‌ڵکوو سه‌رلێشێوێنه‌ر و جێگای سه‌رسووڕمانیشن. به‌ش به‌حاڵی خۆم به‌لامه‌وه جێگای پرسیاره که ئه‌و بۆچوونه‌ی چۆن چۆنی سازاندوه؟!
ناوبراو پاش ئه‌وه‌ی هه‌ندێ له‌و بۆچوونه سه‌یرانه رز ده‌کات که ناشاره‌زایانه و هه‌ڕه‌مه‌کین، بۆخۆی ده‌که‌وێته لێکدانه‌وه‌ی وشه‌که .
لای ئه‌و، وشه‌ی هُه‌ورامان له دوو به‌ش پێک هاتوه: «هه‌ورا» و «مان»
ئه‌ڵێت: «هه‌ورا»، له ئاهووراوه هاتوه. پاش ئه‌وه‌ی هه‌ندێ سووانی به‌سه‌ردا هاتوه و وه‌های لێهاتوه که واتای خوای گه‌وره بدات.
«مان» ، پاشبه‌ندێکه و پاش کورت بوونه‌وه وه‌های لێهاتوه! ئه‌مه‌ش نیانێکی ماده‌کانه. یا خود ریشه‌یه‌کی ره‌سه‌نه. له زمانی ماده‌کاندا به واتای زه‌وی هاتوه. { مێژووی هه‌ورامان ـ لاپه‌ڕه: 609 }
پاشان بۆخۆی ده‌که‌وێته کار‌و بۆچوونێکی یه‌کجار سه‌یر ده‌رده‌بڕێ و ده‌ڵێ : وشه‌ی هه‌ورامان، کورتکراوه یان بچووک کراوه‌ی وشه‌ی لێکدراوی (ئاهوورامه‌زدامان)ه و به‌ره‌به‌ره به پێی یاسای ئاسانبوون که زمان پیای دا ده‌ڕوا، به‌وجۆره‌ی ئێستای لێهاتوه؟!!! (هه‌مان سه‌رچاوه)
جێگای که‌سه‌ره که که‌سێکی وه‌ک حه‌مه‌ئه‌مین هه‌ورامانی که پێشتر چه‌ند کتێبی له‌سه‌ر زمان داناوه، وه‌ها بۆچوونێکی هه‌بێت و لانی که‌م سه‌رنج به کۆنترین سه‌رچاوه بۆ وشه‌ی هه‌ورامان، که وشه‌که‌ی سه‌یدیه نه‌دات؟! و وه‌ها وشه‌یه‌کی ناقۆڵا و بێ بنه‌چ دابتاشێ!
هه‌ورامانی له به ناو مێژه‌وه‌که‌یدا هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌تریشی کردوه. بۆ نموونه هه‌ندێ له جێناوه‌کانی وه‌ها گۆڕیوه که هڕیان به‌سه‌ر فڕه‌وه نیه. بۆ نموونه؛ نژماری کردوه‌ته نجمار و هه‌جیجی کردوه‌ته: هه‌ژیر و ئۆرۆمۆنی کردوه‌ته ئاهوورامه‌زدامان!! (هه‌مان سه‌رچاوه؛ لاپه‌ڕه‌کانی:484 و 609 و 908)
به‌ڕێز عادڵ محه‌مه‌دپووریش له لاپه‌ڕه 29ی (سرودخزان)دا، كۆشاوه تیشك بخاته سه‌ر وشه‌كه و له‌م پێناوه‌دا پۆلێ بۆچوونی ریز كردوه وده‌ڵێت:
{هه‌ورامان له بواری وشه و مێژووییه‌وه مانای زۆری هه‌یه:
ئه‌لف: هه‌ور+ئامان= خۆر+پاشگری شوێن= په‌رستگه‌و ئاورگه كه رێكه له‌گه‌ل هورموزگان.
ب: ئه‌ورامان= ئور+مان، ئور(شار)+مان (پاشگری شوێن)
ئور، شار و پێته‌ختی كلدانیه‌كان بووگه و له‌باشووری ئێراق، نیزیك سكه‌ی ئاسنی هه‌نووكه‌ی نێوان به‌سره و به‌غدا، شارێك به ناوی ئوور هه‌یه(وشه‌نامه‌ی دهخدا)، ئیستاكه‌ش له هه‌ورامانات ، گوندێك هه‌یه به ناوی «ئورامان ته‌خت» كه به شاری هه‌ورامان ناسراوه. وه‌ها لێكچوونێك له‌سه‌ر درووستی ئه‌م مانایه سوورترمان ده‌كا. ( ئوور به مانای شار).
پ: هه‌ورئامان= هه‌ور + ئامان(هات) یا به فارسی (ابرامد). جڤینی هه‌وره‌كان به هۆی كویستان و به‌رز بوونی ناوچه‌كه.
ت: راولینسون ئه‌ڵێت: هه‌ورامان له بنه‌ڕه‌ت‌دا «ئافرۆمانavroman» بوه،كه له ریشه‌ی عه‌ره‌بی «رۆمان» گیراوه.
س: وه زۆر بووچوونی و رای‌تر}.
ئه‌بینین كاك عادڵ، وێڕای ریزكردنی ئه‌و چه‌پكه بۆچوونه، مانایه‌كی پته‌ومان به ده‌سته‌وه نادات. له‌بڕێ شوێنیش ماناكه به نیوه‌چڵی به‌ده‌سته‌وه ئه‌دات. بۆ وێنه:
له به‌شی (ب)دا هه‌وڵ ئه‌دات ئوور به شار مانا بكاته‌وه، به‌ڵام چ رووناكیه‌ك ناخاته سه‌ر به‌شه‌كه‌ی دیكه كه مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیه. پێمان ناڵێ كام شار؟ دیاره كه ئه‌وترێ شاری سه‌رده‌شت، گرنگ مانا كردنه‌وه‌ی خودی سه‌رده‌شته، نه‌ك پێشگری شار!
یان له به‌شی (پ)دا، هه‌ورئامان به هه‌ور هات مانا ده‌كاته‌وه. له حاڵێكدا«ئامان» به مانای «هاتوه» درووسته. ئامان به مانای (آمده، آمده است)ی فارسیه. له حاڵێكدا له ده‌قه‌كه‌ی كاك عادڵ‌دا به آمد، مانا كراوه‌ته‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و ماناکردنه‌وه رواڵه‌تی و سه‌ره‌کیانه، ده‌بێ بگوترێ که وشه‌ی هه‌ورامان، وشه‌یه‌کی کۆن و دێرین و پڕ مانایه. خۆڕسک نیه که ئه‌م وشه‌یه هه‌نووکه به سه‌ر ده‌ڤه‌ر و کولتوورێکی ئه‌تنیکی و دێرینی کوردان دا بڕاوه و وه‌ک یادگارێک ماوه‌ته‌وه. هه‌ر بۆیه پێویسته هه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌م وشه‌یه به به‌ڵگه و خاوه‌ن فاکت بێت و ببێته چرکه‌یه‌ک به‌ره‌و روونکردنه‌وه‌ی پتری مێژوویه‌کی دێرین.نه‌ک ببێته ده‌سگیره‌یه‌ک بۆ خۆ ده‌رخستن و خۆقوت کردنه‌وه!!
به جه‌خته‌وه ده‌بێژم که ده‌بێ هه‌ر بۆچوونێک ، ته‌نیا و ته‌نیا وه‌ک یه‌ک بۆچوون بێته ڤه‌شان و به مانای ته‌واوکه‌ر و هه‌مووشت سه‌یر نه‌کرێت.(به‌م ده‌قه‌شه‌وه).
وتاری به‌رده‌ست ده‌کۆشێ به پێی فاکته به‌رده‌سته‌کان، تۆماڵی سه‌رسیمای وشه‌ی هه‌ورامان بکات و هه‌نگاوێک به‌ره‌و روونکردنه‌وه و هاندانی دیترانی خاوه‌ن به‌ڵگه بۆ درێژه‌دان به‌م رێگایه به دوادا بێنێ. هه‌رچه‌ند نابێ بێته نکلوولی کردن که به‌ڵگه و فاکت له‌سه‌ر ئه‌م جۆره وشانه، به مێژووی شارستانیه‌تی کوردیشه‌وه که‌م و ده‌گمه‌نن. هه‌ر بۆیه ئه‌وه ئه‌رکێکی سه‌رشانه که ئه‌و به‌ڵگه ده‌گمه‌نانه‌ش بقۆزرێنه‌وه و بکه‌ونه به‌ر سه‌رنج و به‌رجه‌سته‌سازی. تا به‌م جۆره رێگه‌ی توێژینه‌وه، به‌رده‌وام و نه‌پچڕاو بێت.
ئه‌ز مێژوویی و دێرین بوونی وشه‌ی هه‌ورامان، به به‌ڵگه‌ی مێژوویی له لایه‌ک و چه‌پکێ وشه‌ی پڕمانا و هاوته‌ریب و دێرین، که وه‌ک شوێن ناو، له ده‌ڤه‌ردان و بوونه‌ته ده‌سته‌خوشکی وشه‌ی هه‌ورامان، له لایه‌کی که‌وه ده‌یهێنمه سه‌لماندن و به‌رجه‌سته‌ی ده‌که‌مه‌وه. له‌سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌شم که وێڕای هه‌بوونی به‌ڵگه‌ی مێژوویی، چه‌پکێ شوێن ناوی جێگر له زمان دا هه‌ن که به‌ڵگه‌یه‌کی هاوسه‌نگن بۆ مێژوویی بوونی وشه‌ی هه‌ورامان. هه‌ربۆیه ئه‌و چه‌پکه وشه‌یه رز ده‌که‌م تا به‌ره‌و مه‌به‌ست نیزیکتر ببمه‌وه. وه‌ها کارێکیش ئاساییه و زۆر پسپۆرِ پێی هه‌ستاون. بۆ وێنه: دیاکونوَف، بۆ سه‌لماندنی باوه‌ڕی خۆی له ماناکردنه‌وه‌ی راسته‌قینه، نه‌ک ئه‌فسانه‌یی ـ وشه‌ی زه‌ردۆشتره، له چه‌پکێ ناوی هاوسه‌رده‌می ئه‌و وشه‌یه که‌ڵک وه‌رده‌گرێ و ده‌ڵێت: « بۆ وێنه ناوه‌کانی شوێنکه‌وتوانی نیزیک له زه‌رده‌شت له به‌رچاو بگرین؛ ویشتاسپ، به مانای خاوه‌ن ئه‌سپی جه‌نگی ـ فره‌ئۆشتره، به مانای خاوه‌ن حوشتری زیته‌ڵ ـ ئه‌سپه‌چنه، به مانای خۆش ویستی ئه‌سپ ـ گئوماته‌ی مۆغ، به مانای ژیری گاوسیفه‌ت ـ و ...
که‌واته زه‌رده‌شتیش یه‌ک له ناوه سه‌رزاریه‌کانی ئێرانی ئه‌وکات بووگه. پاشان دێته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه که زه‌رده‌شتره به مانای خاوه‌ن حوشتری زێڕره‌نگی ئازایه.
به پشت به‌ستن به وه‌ها کارێکی به‌ڵگه‌هێنانه‌وه و له پێناو به رووناکتر کردنی مه‌به‌ستی ئه‌م وتاره، ئه‌م چه‌پکه وشه دێرینه به‌رجه‌سته ئه‌که‌مه‌وه. چه‌پکێ وشه که ئه‌توانن به‌ره‌و سه‌رچاوه مێژووییه‌کان هێڵبه‌ری راساڵ بن.چوونکوو وشه ته‌ته‌یه‌کی به هێز و ئه‌مانه‌ت پارێز و ده‌سنه‌گر بوه بۆ پاراستنی زۆر ده‌سپێک و شارستانیه‌ت و رووداو و که‌سایه‌تی مێژوویی و نه‌ریت. به جاران؛ باوه‌ڕ، رووداو و کاره‌سات، ویست و حه‌ز، که‌سایه‌تی و ... له لانی هێمنی وشه‌کان دا دێنه پارێزگاری و له گۆڕانکێی ملهۆڕانه‌ی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات ده‌پارێزرێن. ئاشکرایه که زۆر جار به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوان دێنه کۆشان بۆ سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌وار و کولتووری پێشینان و نابه‌دڵانیان. به تایبه‌ت به ده‌سه‌ڵاته ملهۆڕ و ده‌گم و ناجه‌ماوه‌ریه‌کان. هه‌ر بۆیه پسپۆڕان به لێک دانه‌وه‌ی وشه کۆن و ئه‌تنیکیه‌کان، له ره‌هه‌ندی لێک دانه‌وه‌ی مێژووییه‌وه ( لێکسیکۆلۆژی)، ده‌گه‌نه بنه‌مای زه‌ینی خولقان و له‌دایک بوونی وشه‌کان.ئه‌و بنه‌ما زه‌ینیانه ئه‌بنه سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ باوه‌ڕ به رواڵه‌ت یان ناواخنی رووداو و هه‌بوه مێژووییه‌کان. ئه‌و هه‌بوانه که له حه‌شارگه‌ی وشه‌دا هاتوونه‌ته ئه‌مان.
به‌جاران بوونی وشه‌یه‌ک بوه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌کی باوه‌ڕ پێکراو بۆ لێک دانه‌وه‌یه‌کی مێژوویی. ئه‌وه‌یه که دوکتۆر ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مارف جه‌خت له سه‌ر نرخی وشه ئه‌کات و له کتێبی( وشه‌ی زمانی کوردی )دا ئه‌ڵێت : « کاکڵ و که‌ره‌سته‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی لێکسیکۆلۆژی به‌ر له هه‌موو شتێک وشه‌یه ».
له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و راستیه که هۆکاره ناوه‌کی (که‌مته‌رخه‌می و نه‌خوێنده‌واری و کزی هه‌ستی خاوه‌نداریه‌تی له لای جه‌ماوه‌ر) وهۆکاره ده‌ره‌کیه‌کان ( هێڕشی په‌یتا په‌یتا و کاولکاری هێز و ده‌سه‌ڵاتی په‌لامار هێنه‌ر و ناخۆیی و به تایبه‌ت به ده‌سه‌ڵاتی هێزه ناخۆییه‌کان )، بوونه‌ته هۆی زۆر کاره‌ساتی ناقه‌ره‌بوو و وێرانگه‌ری کو‌لتوور و مێژوو و دیارده ئێره‌ییه‌کان، به تایبه‌ت فه‌وتاندنی زۆر وشه‌ی ئێره‌یی، سه‌رنجدان به وشه دێرین و خۆییه‌کان پتر به‌رجه‌سته ده‌بێت و به کارێکی ئه‌رێنی دێته ئه‌ژمار.